چارەسەرکردنی کێشەی سزادراوان
پاش بەدواداچوونی چەند ڕۆژی ڕابردووی رێکخراوەکەمان (سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD ) لە خستنەڕووی داواکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سزادراوان کە یاسای ئازادبوون بەمەرج (إفراج شرطی) دەیانگرێتەوە کەژمارەیان نزیکەی ۱۳۰ سزادراو دەبێت لەھەرێمی کوردستان ، پەیوەندیکرا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان لەگەڵ دادگاکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەوام نەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی .
جێی خۆیەتی کە خەمخۆری و بەدەمەوەچوونی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەرزبنرخێنین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سزادراوان لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەریی و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی .
شایەنی باسە چارەسەرکردنی کێشەی سزادراوان ھەر ئەمڕۆ واتە لە ٢٠٢٠/٣/٣٠ دەست پێدەکات بەگرتنەبەرو ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دۆسیەی ئەو سزادراوانە لەگەڵ دادگاکان و داواکاری گشتی ناو چاکسازیەکان بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو سزادراوانەی کە یاسای (إفراج شرطی) ئازادبوون بەمەرج دەیانگرێتەوە.
وە دووپاتی دەکەینەوە کە سەرجەم دامودەزگا حکومی و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەریی دەبێت پارێزەری یاساو مافەکانی مرۆڤ بن.

DHRD
٣٠-٣-٢٠٢٠