سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD بۆماوەی دووھەفتە و لەبەرواری (٩ تا٢٣) مانگی نیسانی ٢٠٢٠ ھەستا بە ئەنجامدانی ڕاپرسییەک سەبارەت بە ھەڵکشانی رێژەی توندوتیژی خێزانی لەکاتی ماوەی کەرەنتینکردن و قەدەغەی ھاتوچۆ ، لێرەوە بەمەبەستی دەستکەوتنی ئامارێکی ڕاستەقینە لەسەر (رێژەی توندوتیژی خێزانی لەماوەی قەدەغەی ھاتوچۆو کەرەنتینکردن) دا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، وە فۆرمێکی راپرسی داڕشت بەشێوەی ئۆنلاین ، وە شایانی باسە فۆرمەکە بەھەرسێ زمانی (کوردی- عەرەبی- انکلیزی) دارێژرا و بەشێوەی ئۆنلاین لەھەریەک لەپەیجی ڕێکخراوی DHRD و سایتی ئاوێزە بڵاوکرایەوە ھەروەھا لەگەڵ ڕێکخراوەکان و دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریپێکرا ، کە ژمارەی بەشداربووان بریتی بوو لە (٥٠٨) کەس.

گومانی تێدانیە بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی و ژیانی مرۆڤ ھەیە، لەھەمان کاتدا ئەگەر ھەیە لەڕووی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە شوێنەواری نەرێنی لەسەر تاک دروست بکات. لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ لەھەرێمی کوردستان قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەری ڕاگەیەنرا و سیستمی کەرەنتینکردن پیادەکرا، گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی کەرەنتینکردن و جەختکردنەوەی لایەنە فەرمییەکان لەسەر پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان بارودوخێکی نوێ بوو بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەروەھا خۆگونجاندن لەگەڵ کەرەنتینکردن و قەدەغەی ھاتوچۆ بۆ ھاووڵاتیان پرۆسەیەکی ئاسان نەبوو، بەتایبەتی “مانەوە لەماڵەوە”‌ کەلەبنچینەدا ژینگەی ماڵەوە دەبێت ژینگەیەکی ئارام و شوێنی حەوانەوە بێت بەڵام ئەمە بۆ ھەمووان ڕاست نەبوو. ئەو بارودۆخە کاریگەریی گەورەی لەسەر ژینگەی خێزانی ھەبوو و ئەم شوێنە ئارامانە بوون بە شوێنی ترسناک بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژیی خێزانیی.بۆ بینینی ڕاپۆرتەکە بە زمانی کوردی کلیک لێرە بکە

ھەروەھا بۆ بینینی ڕاپۆرتەکە بە زمانی ئینگلیزی کلیک لێرە بکە