سەنتەرەکەمان لەسەرەتای دروستبوونییەوە بەو ئومێدە دروست بووە، کەببێتە پارێزەری مافی مرۆڤ و باڵادەستکردنی یاسا و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست، لەژێر سایەی حوکمێکی رەشیددا. ئەو سەرەتایە بیرۆکەیەک بوو بۆ دامەزراندنی رێکخراوێک کە توانای چاودێری و تۆمارکردنی پێشێلکاریی و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و پێدانی خزمەتگوزرای ھەبێت، دوا جار ئەو خەونە ھاتەدی و سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ٦-١٠-٢٠٠٢ دامەزرا.
لەگەڵ ئەوەی دەمانزانی کەڕێگەی کارکردنمان گوڵڕێژنیە و ئاستەنگی زۆر دێتە بەردەم ئەنجامدانی کارەکانمان، ماوەی ھەژدە ساڵە لەگەڵ بەربەستەکان و لابردنی لەمپەرەکان دەست و پەنجە نەرم دەکەین، دەمانزانی کارێکی سەختە لەناو ئەم جۆرە لەدەسەڵات بەئاسانی کارەکان ئەنجام بدەین، دەسەڵاتێک ستەمکاری بگاتە ئەو ئاستەی بەپێی بیرکردنەوەی ئەو بڕیار بدەیت. ئەم دەسەڵاتەی ئێمە دەمانەوێت چاودێری بکەین، لەچەندین لاوە گرفتە بۆ کارەکانمان، لەلایەکەوە یاساکان سەروەر نین، لەلایەکی دیکەوە چەندین دەزگا و لایەن و کەسان ھەن لەسەروو ھەموو یاسایەکەوەن، پێشێلکارییەکان ئەژمار ناکرێت، ئەمە جگە لە بوونی تێگەیشتنی نادرووست بۆ مافی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
سەرەڕای ئەو ھەموو رێگری و بەربەستانە بەردەوامبووین لە کارکردن و ھەوڵی جدیمان داوە بۆ ئەو باوەڕەی بۆی درووست بووین. کار و چالاکی و پرۆژە و راپۆرتەکانمان بەڵگەن بۆ ئەوەی تا چ ئەندازەیەک گرنگیمان بە مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری داوە. لەماوەی ئەم ھەژدە ساڵەی کارکردن ھیچ رێگری و ئاستەنگێک ئێمەی لەکارکردن سارد نەکردۆتەوە، بەڵکو ھەمیشە ھەوڵمانداوە بۆ باشترکردن و بەرەوپێشچوونی کاری دامەزراوە حکومییەکان بەتایبەتی ئەوانەی جێبەجێکەری یاسان، وەک دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش وچاکسازییەکان و بنکەکانی گرتن و گواستنەوە و داداگاکان و دامەزراوە ھاوشێوەکانی تر.
لەماوەی کارکردنمان ھەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان بەشێک بوون لەبەرنامە و کاری ئێمە، چاودێری رەوشی نەوجەوانان و ژنان و ھەموو ئەوانی تر بەرنامەی کاری ئێمە بووە.
خۆشحاڵین لەو دۆخە سیاسی و ئابوری و ئیدارییە ئاڵۆزەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، توانیومانە کاری ڕێکخراوەیی ئەنجام بدەین بە پێی ئامانجەکانمان، ھاوکات دڵتەنگین کە سەرەڕای کاری ئێمە و دەیان ڕێکخراوی دڵسۆز و کارامەی تر، ھێشتا دۆخی سیاسی، ئابوری، یاسایی، سەروەری یاسا، سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادوەری، مافی مرۆڤ لە ڕەوشێکی خراپدان. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەک ھاوکاری و پاڵپشتی ڕێکخراو و کاری ڕێکخراوەیی نەکردوە وە ڕێز لە ماندوبوونمان ناگرێت، بە پێچەوانەوە تا دێت فشار لەسەر ڕێکخراوەکان زیاد دەکات و وەک کۆمپانیا بازرگانیەکان مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوەکان دەکات لە ڕووی باج و پێدانی خزمەتگوزارییەکان و ھەروەھا دانانی دەیان بەربەست و ڕێگری دیکە.
لەم یادەدا (٦ ی ١٠)، پیرۆزبایی لە خۆمان و دەستەی دامەزرێنەرانی ڕێکخراو و ھەموو ئەو کارمەند و کەس و لایەنانە دەکەین کە بەشێک بوون لە مانەوە و بەھێزبوون و بەرەو پێشچوونی ڕێکخراو و کاری ڕێکخراوەیی لە ھەرێمی کوردستان، ھاوکات دووپاتی سوربوون دەکەینەوە لەسەر کارکردن و ھەوڵدانی زیاتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD)
٢٠٢٠/١٠/٦