ئەگەر لە ڕابردوودا بەرپرسانی سیاسی ئەم وڵاتە بەرامبەر برسی کردنی خەڵک و بڕینی قوتی موچەخۆران بانگەشەی ساختە ئەوەیان کردووە کە پەراوێزێک ھەیە بۆ ئازادی و میدیای ئازاد ھەیە و خەڵک بۆی ھەیە ئازادانە ڕای خۆی دەردەبرێت ، ئەوا بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان گومانێکی گەورەیان خستۆتە سەر ڕاستی و دروستی بانگەشەکەی خۆیان و بە فشارخستنە سەر دەزگای چەتر و پەلاماردان و داخستنی کەناڵی NRT لەگەڵ دروست بوونی ھەر تەنگژەیەک کە دواھەمینیان ھەڵکوتانە سەرداخستنی کەناڵی NRT لەشەوی ٢٠٢٠/١٢/٧ بەکردەیی ئەو بانگەشە قەبە و درۆیەی خۆیان پوچەڵ کردەوە کە ھیچ پەراوێزێک بۆ ئازادی بوونی ھەبێت بەرادەیەک ڕۆژ نییە لەم ھەرێمە لەگەڵ پێشێلکاری نایاسایی بەرەو ڕوو نەبینەوە ، کە وای لێھاتووە پێویستمان بەڕاپۆرتی پێشێلکاری نیە بۆ تۆمارکردنی ئەم کردەوانە ، بەڵکو دەتوانین بڵێین لە ھەرێمەکەی ئێمە ھەموو ڕۆژەکانی ساڵ پێشێلکاری دەکرێت، بەئەندازەیەک تووشی گەورەترین بەدگومانی ئەبین لەوەی ئەم دەسەڵاتە تروسکاییەکی تێدا مابێت بۆ چاکسازی و ریفۆرمی سیاسی، ئەگەرنا بەچ مافێک ھێزێکی چەکداری سەرکوتکەر ئەتوانێت بەو شێوەیە تەقە لەخۆپیشاندەر بکات و ھەڵکوتێتە سەرکەناڵی راگەیاندن و ئۆفیسی حیزبە سیاسییەکان.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD بەتوندی ئیدانەی داخستنی کەناڵی NRT و ھەردەزگایەکی میدیایی دیکە دەکات و بە پێشێلکاریەکی گەورەی یاسایی دەزانێت .
بۆیە داواکارین لە حکومەتی ھەرێم ھەرچی زووترە بڕیار بدەن بەکردنەوەی کەناڵەکە و لەوە زیاتر رووی ناشیرینی خۆتان ناشیرینتر مەکەن .
                                                            سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
                                                                      DHRD
                                                                   ٢٠٢٠/١٢/٧