پەرەپێدانی سیستەمی دادوەری ، لەنێوان کۆنگرەیەکی دوو ڕۆژی و چەند ڕاسپاردەیەکدا ….

dhrd logo

 

پاش ساڵێک لە ئامادەکاری لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ ئایاری ٢٠١٥ دەسەڵاتی دادوەری لەشاری ھەولێر کۆنگرەی پەرەپێدانی سیستەمی دادوەری لەھەرێمی کوردستان سازکرد بەئامادەبوونی ٢٣٤ ئەندام ، لە کۆتاییدا وەک ھەر کۆنگرەیەکی تر بە چەند ڕاسپاردەیەک کۆتایی ھات . ئەوەی بەلای سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ D.H.R.D یەوە جێگای گرنگی پێدانە وەک ڕێکخراوێکی چالاک وپاڵپشت و چاودێر لەبواری سەروەری یاسا و دەستنیشانکردنی لەمپەر و ئاستەنگەکانی بەردەم سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادوەری لەھەرێمی کوردستاندا کە بۆ ماوەی زیاتر لە ھەشت ساڵە لەم بوارەدا کاردەکات و حەوت ڕاپۆرتی لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە ، ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەی فەرمی دان دەنێت بە بوونی کەموکورتی لە ئیش و کارەکانیدا و دەستنیشانی ھەندێک خاڵکراون کە ھۆکارێکن بۆ سەربەخۆ نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری بەڵام بەستنی کۆنگرەیەکی وا گەورە لەم ساتە وەختەداو دواتر کۆتایی ھێنانی کارەکانی بە دەرچوونی چەند ڕاسپاردەیەک، بە بڕوای ئێمە ئەم کارە دەکرا بەشێوەیەکی زۆر سادەتر بکرایە،. بۆیە ئێمە وەک سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ D.H.R.D کە لە حەوت ڕاپۆرتی ڕابردووماندا دەستمان خستۆتە سەر بەشێکی زۆر لەو کێشانەی کە ئێستا لەم کۆنگرەیەدا باس کراون و بەدەیان پێشنیارمان خستۆتە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئامانجی چاککردنی سیستمی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆرێ ئەو پێشنیارانە ھەمان ئەو پێشنیارانەن کە لە کۆنگرەدا خراونەتە ڕوو ، بۆیە بەگرنگی دەزانین لە ژێر ڕۆشنایی ئەزموونی چەند ساڵەی کارکردنمان لەم بوارەدا ئەوەی چاوەڕێدەکرا لەم کۆنگرەیەدا بەدەست بێت و لە ئاستی گەورەیی کۆنگرەکەدا بووایە بەم خاڵانە دە خەینە ڕوو
. یەکەم : سەبارەت بە حکومەت و پەرلەمان
. گەورەترین کێشەی دەسەڵاتی دادوەری خۆی لە دوو بواردا دەبینێتەوە : ١- کۆنی یاساکان و پێویست بە ھەموارکردنەوەیان و دەرکردنی یاسای نوێ و ھاوچەرخ لەلایەن پەرلەمان. ٢- جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگا لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن. بەڵام جێی سەرنجە کە ھیچ کام لە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت ئامادەی کونگرەکە نەبوون ، کە ئەمەش بۆ خۆی بە ھەند وەرنەگرتنی دەسەڵاتی دادوەری لێدەخوێنرێتەوە لە لایەن ئەو دەسەڵاتانەوە، بۆیە دەکرا
ا/ بەلای کەمەوە دەبووایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان بەشێوەی ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلێک (میثاق) ێک لە گەڵ ئەنجومەنی دادوەریدا ئیلتزاماتی سەرشانیان دیاریبکرایە لەماوەی دانانی پلانی ستراتیجیدا، وەک ھاوشێوەی ڕێککەوتننامەی لێکتێگەشتنی نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان
. ب / دیاریکردنی ماوەیەک بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرجەم دادگاکان.
ج/ دیاریکردنی ماوەیەک دەسەڵاتی یاسادانان بۆ ھەموارکردنەوەی یاساکانی پەیوەندیدار بە ئیش و کاری ناو دادگاکان و ھاوڵاتیانەوە ، وەک یاساکانی (سزادان ، بنەما دادگەرییە سزاییەکان، دادبینی شارستانی، جێبەجێکردن
) دووەم : سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەری
. ا/ دیاریکردنی ئامانجە کورت خایەن و دڕێژ خایەنەکان بۆ گەیشتن بە سیستمێکی دادوەری پێشکەوتوو لە ھەرێمی کوردستاندا.
ب / بەردەوام بوون لەسەر ڕەوتی کراوەیی لەبەردەم میدیاکان و ڕێکخراوەکان بەمەبەستی بەئاگابوون لە ھەنگاوەکانی چاکسازی و پەرەپێدانی سیستمی دادوەری.

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
D.H.R.D
١٨-٦-٢٠١٥

هه‌ڵبژارده

New Page 1

DHRD : .info  |  .nl

All Rights Reserved :: Copyright © dhrd.nl
Hosting & Design: 1997-2014 Chrakan.com