خوێنی هاوڵاتیان مه‌كه‌نه‌ قوربانی ململانێ سیاسییه‌كانتان

dhrd logo

پاش ئه‌و قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كانی ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ ئاڵۆزی و گرژیی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، كه‌هۆكاره‌كه‌ی بۆ دوخی سیاسی و ئابووری و بێمتمانه‌یی خه‌ڵك به‌ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ر له‌نه‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌كان و قوڵكردنه‌وه‌ی ناهه‌مواری ژیانی خه‌ڵكی به‌تایبه‌تی كارمه‌ندانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و راوه‌ستانی جومگه‌ گرنگه‌كانی ژیانی خه‌ڵك بوونه‌ته‌ هۆكاری درووستبوونی ئه‌و گرژیانه‌.
له‌ ڕۆژانی رابردوودا، له‌ شاره‌كانی سلێمانی و قه‌ڵادزێ و هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌ید صادق و كه‌لارو چه‌ندین ناوچه‌ی تر خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا و گرژی لێكه‌وته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ جارێكی تر خوێنی ڕۆڵه‌كانی ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ده‌ستی ده‌زگا حیزبییه‌كانی ئه‌م هه‌رێَمه‌، به‌ ڕۆژی ڕووناك به‌ ناحه‌ق ڕژێنرا، له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ چه‌ندین پێشێلكاری ترسناك تۆماركران، له‌سه‌ر سه‌روه‌ری یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ و مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین كه‌ به‌ پێی یاسا و ده‌ستوور و ڕێكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پارێزراون و له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤ هه‌ژمارده‌كرێن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ حسابێك بۆ ئه‌م پێشێلكاریانه‌ نه‌كرێت، زۆر خه‌م ساردانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی حیزب و پیرۆزیه‌كانی حیزب له‌سه‌روو هه‌موو بابه‌ته‌ نیشتیمانی و یاساییه‌كانه‌وه‌یه‌، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت له‌ نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی له‌ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانی ووڵات و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ و باڵاده‌ستی حیزب به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا و بێدادی سیسته‌می دادوه‌ری هه‌موویان هه‌موو ڕۆژێك ئه‌وه‌ ده‌هێنێت كه‌ هاوڵاتیان به‌شێوازی جۆراوجۆر داوای چاكسازی و مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن.
له‌و پێشێلكاریه‌ زه‌قانه‌ی له‌م چه‌ند رۆژانه‌دا ئه‌نجامدران، ته‌قه‌كردن له‌هاوڵاتیان و شه‌هید كردن و برینداركردنیان و تۆمه‌تباركردنی هاوڵاتیان كه‌داوای سه‌ره‌تاییترن مافی خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها داخستن و راگواستنی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، له‌هه‌ردوو شاری هه‌ولێر و دهۆك، كه‌هیچ بارگرژییه‌ك تێیاندا رووینه‌داوه‌، كه‌هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر لاوازی سیستمی دادوه‌ری و نه‌بوونی سه‌روه‌ریی یاسا و حوكمێكی ره‌شید له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین به‌زووترین كات دۆخه‌ هێور بكه‌نه‌وه‌ و پاشان بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێكی گونجاو بۆ ئیداره‌دانی ئه‌م قه‌یرانه‌ و كۆتایی هێنان به‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌، كه‌جگه‌ له‌ماڵوێرانی و پاشه‌گه‌ردانی هیچی تری به‌دوادا نایه‌ت.
سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ
DHRD
11/10/2015

 

هه‌ڵبژارده

New Page 1

DHRD : .info  |  .nl

All Rights Reserved :: Copyright © dhrd.nl
Hosting & Design: 1997-2014 Chrakan.com