ڕۆژی جیهانی بۆ پشتگیری قوربانیانی ئه‌شكه‌نجه‌

dhrd 26-6 dhrd 26-6 (1) dhrd 26-6 (2) dhrd 26-6 (3) dhrd 26-6 (4)

ئەشکەنجە ھۆکارێک نییە بۆ بەدەست ھێنانی زانیاری. لەڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە کە دەکاتە ٢٣-٦ی ھەموو ساڵێک، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD ھەموو شێوەکانی ئەشکەنجە ڕەتدەکاتەوە و بەکارێکی نایاسایی و تاوانی ئەژمار دەکات، ئەویش بەپشت بەستن بەیاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مافی مرۆڤ زۆر بەتوندی بەرەو ڕووی ئەم دیاردە ناشرینە ببنەوە، کە تاکو ئێستا لەناو دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی لێکدانەوە جیھانییەکان ئەشکەنجە مەبەست لێی تێکشکاندنی کەسایەتی و کەرامەتی مرۆڤەکانە، نەک ئەوەی زانیاری لەو ڕێگەیەوە بەدەست بھێنن. سەنتەرەکەمان ماوەی چەند ساڵێکە لەبواری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجەدا کار دەکات و ھەموو توانا یاسایی و مرۆییەکانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ نەھێشتن و بنەبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆییە، کە لەماوەی کارکردنمان چەندین حاڵەتمان تۆمار کردووە، کە لەھەندێک شوێن بووتە ئەقڵیەت و ھەر کەس لەھەر تۆمەتێک ڕووی بکەوێتە ئەو دەزگایە ئەبێت بەرەو ڕووی جۆرێک لەئەشکەنجە ببێتەوە، ئەم دیاردەیە تاکو ئێستاش لەناو ئەو دەزگایانە درێژەی ھەیەو پێویستی بەکاری جدی ھەیە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی باڵای حکومەت و پەرلەمان، کەھەوڵ بدەن کار بۆ نەھێشتنی ئەم مومارەسە قێزەونە بکەن، ھەروەھا پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەرچوواندنی یاسایەک بکات، کەھەموو شێوەکانی ئەشکەنجەدان قەدەعە بکات، وە دەزگا تایبەتەکانی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە ڕابھێنرێن کە بەچ شێوەیەک رێز لەماف و کەرامەتی ئینسان بگرن. لەم ڕۆژەدا زۆرێک لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەڵمەتێکی فراوان بەرپا دەکەن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەشکەنجە. وە چەندین شێوزای جیاجیا دەگرنە بەر بۆ دەرخستنی لایەنی نامرۆیی ئەم دیاردە جیھانییە، کە تاکو ئێستا لەسەر ڕووبەرێکی بەفراوان لەسەر ئاستی جیھان ئەنجام دەدرێت. ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم دیاردەیە و ئێمە ئاماری مەترسیدارمان لەبەر دەستدایە کە ئەم کارە قێزوونە ئەنجام دەدرێت، کە ئەشکەنجە لای ئێمە لەحاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردەیەک و دەزگاکان وەک بەشێک لەکارێکی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار بەکاری دەھێنن، کەھەمیشە بەھانەیان ئەوەیە لە لێکۆڵینەوەدا بۆ بەدەستھێنانی زانیاری سوودی لێوەردەگرن و ھۆکارەکانی لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیای نوێیان لاوازە بۆ ئەو مەبەستە. لێرەوە بەناو سەنتەرەکەمانەوە سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD داوا لەپەرلەمان و سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ دەکەین، کار بکەن بۆ بەسزا گەیاندنی ھەر کەسێک کە ئەم جۆرە لەکاری نامرۆیی بەرامبەر بەتۆمەتبار و کەسانی ڕاگیراو بەکار دەھێنێت و دوور بخرێتەوە لەکارەکەی و بەپێی یاسا ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ھەروەھا پەرلەمان کار بۆ ئەوە بکات یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەبەرنگاربوونەوەی ئەشکەنجە بکاتە بنەمایەک بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بەچۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە قێزەوونە. سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD، وەک چۆن لەئێستا کار لەسەر نەھێشتنی ئەم دیاردەیە دەکات، تا ئەو کاتەی ئەم دیاردەیە نامێنێت لەسەر ئەم کارەی بەردەوام دەبێت و بەرەو ڕووی ھەموو ئاستەنگی و ڕێگرییەکان دەبێتەوە، بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و شکۆ بۆ مرۆڤەکان و چەسپاندی سەروەری یاسای بەسەر ھەموو لایەک بەبێ ھیچ جیاوازییەک و ھەڵاواردنێک، کە ھەمیشە ئەبینە پارێزەری ھەموو ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە و ڕوو لەسەنتەرەکەمان دەکەن.

 

هه‌ڵبژارده

New Page 1

DHRD : .info  |  .nl

All Rights Reserved :: Copyright © dhrd.nl
Hosting & Design: 1997-2014 Chrakan.com