پانزە ساڵ لەپێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا

15 dhrd cover

پانزە ساڵ پێش ئێستا لە(٦-١٠-٢٠٠٢)کۆمەڵێک کەسانی ئەکادیمی و یاساناس رێکخراوێکیان درووست کرد بەناوی (سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD)، کەلەو کاتەوە تا ئێستا ئەم رێکخراوە لەکار و چالاکیدایە و ھەوڵی داوە سەروەری یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ دروشمی کارکردنی بێت.
ئەمڕۆ دوای پانزە ساڵ لەکارکردن و ھەوڵدان، کەئاوڕ لەرابردووی خۆمان دەدەینەوە، ھەست دەکەین کەسانی ماندوو نەناس ئەم رێکخراوەیان لەھەموو دژوارییەکان پاراستووە، و کاریان لەسەر ئەوە کردووە کەپاشکۆی ھیچ لایەن و کەسێک نەبێت، کەسەربەخۆیی و بێلایەنی لەو قۆناغەدا کارێکی ئەستەم و سەخت بوو ، بەتایبەتی بۆ رێکخراوێک لەبواری مافی مرۆڤدا کاربکات و بیەوێت پێشێلکارییەکان بکاتە راپۆرت و ڕای گشتی لێ ئاگادار بکاتەوە ، کەئەم کارە لەناو ئەم کایە سیاسیەی ئێمەدا نەک سەختە بگرە ھەندێکجار ئەستەمیشە، بەڵام لەماوەی ڕابردوو و لەئێستاشدا ھەر سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە کەرامەت و مافی مرۆڤ لەسەروو ھەموو ئیعتبارێکی ترەوە بێت وھەمووشمان لەبەردەم یاسادا یەکسان بین.
سەنتەرەکەمان ماوەی پانزە ساڵە کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەھەموو شێوەکانییەوە، ئەشکەنجە، پێشێلکاری یاسایی، سەروەری یاسا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکات، ھەر بەردەوامیش ئەبێت، تاکو ھەموو دیاردە ناشرین و نایاساییەکان بنەبڕ دەکات و کۆمەڵگایەکی تەندروست و خاوەن ماف بوونیاد دەنێت، ئێمە وەک ستافی ئەم رێکخراوە، بەڵێن دەدەین، کەلەسەر ئەم ئەرکەی خستوومانەتە سەر شانی خۆمان بەردەوام بین و پاڵپشتێکی جدی قوربانییەکان بین و ئەوەی پێویست بێت بۆیان ئەنجام بدەین.
دوای پانزە ساڵ لەکارکردن، ھەست دەکەین ھێشتا لەسەرەتای رێگاداین و زۆر شت ماوە ئەنجامی بدەین، چونکە لەکۆمەڵگایەکدا دەژین ھێشتا ستەمکاری لەو پەڕی ھێزدایە و دەسەڵاتەکان بەشێوەی خراپ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەکاردەھێنرێت، پێشێلکاری لەناو دامەزراوە یاسایی و حکومییەکاندا بەربڵاوە، لەبەرئەوە پێویستمان بەکاری جدی و لێبڕاوانەھەیە، ھەروەھا پێویستمان بەھەموو تواناکانە بۆ برەودان بەمەسەلەیەکی گرنگی وەک مافی مرۆڤ.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
DHRD
٦-١٠-٢٠١٧

هه‌ڵبژارده

New Page 1

DHRD : .info  |  .nl

All Rights Reserved :: Copyright © dhrd.nl
Hosting & Design: 1997-2014 Chrakan.com